لەبەر
دەرگاوە
....
دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی
دەنگێکە سەر بەو نه‌وه‌یه‌ی که له پێش
ڕاپه‌ڕینه‌وه ده‌ستمان بە کاری ئەدەبیات کرد، به‌ڵام
به گشتی له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه ڕەنگ و ڕوخساری
ئەزموونەکەمان دەرکەوت بۆیە لە ڕاستیدا دەکرێت، لە ڕوی
مەجازییەوە کۆی ئەزموونەکە بە ئەزموونی نەوەی دوای
ڕاپەڕین ناوزەد بکرێت.... لێرەدا حه‌زدەکەم هه‌ندێک
تێبینی بچووک له‌سه‌ر شیعری دلاوه‌ر بڵێم، سەرەتا
له‌سه‌ر ته‌کنیکی شیعر قسە دەکەم ... شیعری دلاوه‌ر
یه‌کێکه له‌و شیعرانه‌ی که زۆر ڕوونه، وشەی ئەو به
ئه‌ندازه‌یه‌کی سەیر ڕوونن، هەڵگری تەنکیی و
شه‌فافییەتێکن که به ده‌گمه‌ن له شیعری شاعیرانی
تردا ده‌یبینین، مەبەستم لە ڕوونی ئەوەیە کە کیمیای
ڕستەکانی ئەو کارێکدەکەن جیهانی پشت شیعرەکە، فەزای
وێنەکان، ئەو هەستەی کە دروستیدەکەن، پێکڕا بە ڕوونی
ببینرێن. له‌کاتێکدا له زوربه‌ی شیعری کوردی‌دا وشه
جۆرێک له ته‌م دروست ده‌کات، چەشنە دیوارێک
دەخوڵقێنێت که بڕینی زه‌حمه‌ته، بەڵام جگە لەم ئاستە
شەفافە کە تێیدا ڕەنگی جیهان بە ڕوونی دیارە، ئاستێکی
تر هەیە کە ئاستی مانایە، لێرەدا ئەزموونی دلاوەر شتێک
نییە مرۆڤ تێیدا باس لە ڕۆشنییەکی سەتحی یان
موباشرییەتێک بکات، شەفافییەتی نیگارەکان، ئەو وێنانەی
کە زوو دەگەنە یادەوەری بەدیوێکی تردا هاوڕێی مانایەکن
کە ئاسان ناگیرێت. مانا شتێک نییە لێرەدا بە هەمان
ئاسانی بفڕێت و بگیرێت، شەفافییەتی نیگارەکان پتر
بەرەو ئەوەمان دەبات کە لە مانادا نوقمبین و دوورتر و
دوورتر لە هەر تێگەیشتنێکی رووکەش بۆی بگەڕێین.
کۆکردنه‌وه‌ی ئه‌م دوو نه‌قیزه، کۆکردنه‌وه‌ی ئه‌م
دوو ئاسته، شه‌فافییه‌ت له وێنەدا و قووڵی له
مانادا ئه‌زموونێکی زۆر زه‌حمه‌ته که پێموایه
دلاوه‌ر به سه‌رکه‌وتوویی توانیویه‌تی هه‌ردووکیان
کۆبکاته‌وه .. ئه‌وه‌ی له شیعری دلاوه‌ردا زۆر
جوانه و قابیلی ئه‌وه‌یه زۆر قسه‌ی له‌سه‌ر بکرێت
ئه‌وه‌یه که پێیده‌ڵێم «بازدانی سریالی» له‌ناو
قه‌سیده‌کاندا. هه‌میشه شتێک هه‌یه، کۆمه‌ڵیک
موفره‌دات هه‌یه سه‌ر به ژیانی ڕۆژانه‌یه، هه‌موو
ئه‌و موفره‌ده ئاساییانه کە بە بەربڵاوی لە ژیانی
ڕۆژانەدا بەکاردێن، موفەرەداتی ناو کۆڵان، ناو ماڵ،
دونیای به‌ر په‌نجه‌ره‌کان، دونیای به‌ر ده‌رگاکان،
دوکانی سه‌رسوچه‌کان .. هه‌موو ئه‌م شتانه له
شیعره‌کانی دلاوه‌ردا دووبارە دەبنەوە و ئامادەییان
هه‌یه، هه‌موو ئه‌م موفره‌ده سادانه دێن، جیهانە
ڕوونەکەمان بۆ دەخولقێنن، بەڵام لە ناو ڕەوتی
شیعرەکەدا هەمیشە لابەلابوونەوەیەکی بونیادی هەیە کە
وادەکات هیچ یەک لەوانە تا کۆتایی، تا ئەوسەری مانا و
تێفکرین بە سادەیی خۆیان نەمێننه‌وه، هه‌میشه له
پڕێکدا بازێک هه‌یه که بازێکی سریالییه، هه‌میشه
بازێک هه‌یه بۆ ئه‌ودیو ئه‌و شته ئاساییه، هه‌میشه
بڕینێک هه‌یه، فڕینێک هه‌یه بۆ ئه‌ودیو ئه‌و واقیعه
ساده‌یه که دواجار به جیهانێکه‌وه گرێماندەدات که
ڕه‌هه‌نده‌کانی زۆر دوورتره، زۆر قووڵتره له‌وه‌ی
که وێنه‌که یه‌که‌مین جار ده‌مانداتێ. ئه‌م ئاسته
ته‌کنیکییه، ئەم بازە سوریالییە، ئەم دەربازبوونە لە
ناکاوەی سادەیی لە سادەیی خۆی، ئەم ڕاکردنەی واقیع لە
واقیعییەتی خۆی، ئەم سەرهەڵدانەی نیگاری سوریال لە
نیگاری سادە، ئەم خۆڕاپسکانەی شتە ڕۆژانەکان لە سیاقی
تەنگی خۆیان بەو جۆرە و بەو ستراکتورە، له شیعری
کوردی‌دا ده‌توانم بڵێم ته‌نها لای دلاوه‌ر به‌و
شێوه‌یه به‌رجه‌سته بووه، تەنیا لای ئەو به‌و
ئاسته قووڵ و جوان و شه‌فافه ده‌رکه‌وتۆته‌وه ...
لە هەموو شیعرێکدا دلاوەر وەک کەسێکی سادە دەردەکەوێت
کە لە ناکاو جووتێک باڵی سوریالی لێ دەڕوێت. منیش
کەسێکم حەزم لەو جۆرە تێکستانەیە کە بە ئیقاعێکی هێمن
دەست پێدەکەن و لە ناکاو جووتێک باڵی سوریالیان لێ
دەڕوێت.
له شیعری
دلاوه‌ردا هه‌میشه موسافیرێکیش هه‌یه که ناگاته
جێ، هه‌موو شیعره‌کان کەسێک هه‌یه سه‌فه‌ر ده‌کات،
ئه‌م دۆخە لای دلاوەر لە زۆر فۆرم و لە زۆر مەجاز و
لەزۆر چیرۆکی نهێنی ناو شیعرەکاندا دووبارەدەبێتەوە.
کەسێکە نه‌ده‌زانین له کوێوه سه‌فه‌ر ده‌کات و نه
ده‌شزانین به‌ره‌و کوێ ده‌ڕوات، یانی حاڵه‌تی
سه‌فه‌رێکی هه‌میشه‌یی هه‌یه بێ ئه‌وه‌ی ئه‌م
سه‌فه‌ره نه سەرەتای دیار بێت و نه کۆتایی، ئه‌م
جۆره دۆخه به دیدی من زۆر جار ڕۆمان دەتوانێت
ده‌ره‌قه‌تی بێت، مەبەستم دۆخی ئەو موسافیره
ئه‌به‌دییه‌یە، کە دەشێت وێنه‌یه‌کی مه‌جازی بێت بۆ
کۆی دۆخی مرۆڤی هاوچه‌رخ، یان بۆ کۆی دۆخی مرۆڤی کورد،
که موسافیرێکه له دۆخی سه‌فه‌رێکی هه‌میشه‌ییدایه
و ناوه‌ستێت و قه‌تیش ناگاته جێ. ئه‌م حاڵه‌ته به
قووڵی له شیعری دلاوه‌ردا ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه. ئایا
ئه‌م ڕه‌نگدانه‌وه‌یه هه‌ستیارانه‌یه یان
ته‌جره‌به‌یه‌کی نه‌ستییه ناتوانم ئه‌وه
دەستنیشانبکەم، به‌ڵام لە شیعری ئەودا هەمیشە لە ناو
تەمێکی تەنکدا موسافیرێک دەبینم هه‌یه که سه‌فه‌ر
ده‌کات و ناگاته جێ.. له‌وه‌ش گرنگتر له شیعری
دلاوه‌ردا نائومێدییەک هه‌یه که هه‌رگیز نابێت به
تووڕه‌بوون، جیاوازی شیعری دلاوه‌ر له‌گه‌ڵ زوربه‌ی
زۆری شاعیره‌کانی ترماندا ئه‌وه‌یه، بۆ نموونه کاتێک
ئێمه باسی نائومێدییه‌کان ده‌که‌ین، له ئاستێک‌دا
هه‌موو ئه‌و حەسرەت و خه‌یبه‌یه ده‌بێت به
تووڕه‌بوونێکی توند، یانی به شێوەیەک له شێوەکان
ده‌بێته زمانێکی توندوتیژ، ته‌نانه‌ت له ئەزموونی
ئه‌ده‌بی مندا هەمیشە ساتێکی حەسرەت و نەگەیشتن و
خه‌یبه هەیە، کە دەبێتە ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یەکی توند
له‌گه‌ڵ دونیادا. له شیعره‌کانی دلاوه‌ردا ئه‌و
بازدانە توڕەیە نییه، هه‌میشه ئه‌و دۆخه وه‌کو
خه‌یبه ئه‌مێنێته‌وه، وەک حەسرەتێک که له‌ناو خۆیدا
نائومێدی خۆی ده‌ژی، هه‌ر لێره‌شه‌وه له شیعری
دلاوه‌ردا شتێکی تریش هه‌یه که من وه‌کو خۆی
ده‌یبینمه‌وه، غەمێک هه‌یه، که هەمیشە وه‌ک غەم
ده‌مێنێته‌وه، له زوربه‌ی جاردا که ئێمه له
شیعردا باسی غەم ده‌که‌ین، بۆ ئەو غەمە به دوای
ته‌فسیرێکدا ده‌گه‌ڕێین یان به‌دوای ده‌روازه‌یه‌کدا
ده‌گه‌ڕێین لێی ده‌رچین. به‌ڵام لای دلاوه‌ر غەم وه‌کو
خۆی ده‌مێنێته‌وه، غەم هەیە و لە ناو دێڕەکاندا
نیشتووە، غەم هەیە و گرنگ نییە هۆکەی چییە، غەم هەیە و
شیعره‌که ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رقاڵی گه‌یاندنی ئەو
حوزنە‌یه سه‌رقاڵی ته‌فسیرکردنی نییه، سه‌رقاڵی
ئه‌وه‌نییه مانای ئایدیۆلۆژی بۆ بدۆزێته‌وه،
سه‌رقاڵی ئه‌وه نییه مانای سیاسی بداتێ، سه‌رقاڵی
ئه‌وه نییه بیبه‌ستێته‌وه به هه‌ندێک ئەزموونی
بچووکی ژیانی تایبه‌تی خۆیه‌وه، به پێچه‌وانه‌وه
غەمێکی هەمیشەیی و گه‌ردوونییه، دۆخێکه په‌یوه‌ندی
به بوونی مرۆڤه‌وه هه‌یه وه‌کو مرۆڤ. دلاوه‌ر
پیاوێکە ڕازییه به خه‌می خۆی و له‌گه‌ڵیدا ده‌ژی وه
ده‌یگوازێته‌وه بۆ به‌رامبه‌ره‌که‌ی، بێ ئەوەی
سەرقاڵی تیوریزەکردن یان ناونانی بێت، بێ ئەوەی
سەرقاڵی هەڵهاتن یان دیکۆرکردنی بێت، حوزن بە فۆرمی
خۆی دێت، بەسادەیی و بە ئۆرگینالییەتی خۆیەوە دێت ..
دلاوەر لە یەکێک لە دێڕەکانیدا باسی هەوڵی خۆی دەکا
وەک مرۆڤێکی هەلاهەلا خۆی کۆبکاتەوە، ڕەنگە ئەم دێڕە
کە لە نێو دێرەکاندا لە هەر شتێک زیاتر
تەعبیر لە دۆخی دلاوەر بکات، شاعیرێک لە رێگای وشەوە
هەلاهەلابوونی خۆی کۆدەکاتەوە. هه‌لاهه‌لابوونێکی
گه‌وره‌یه، کە لە شیعردا قەشەنگ کۆکراوەتەوە و لە وشە
و نیگاردا قەشەنگ نوسراوەتەوە ..
بەختیار
عەلی
·
لە پێشەکیی
کتێبی گەڕەکی شاعیران – ەوە .....
|