|
میوانی ئازیز ... سڵاو...! خۆشهاتیت بۆ ئه‌م ماڵه و سوپاس بۆ ئه‌و ساتانه‌ی که لێره ده‌بیته خانه‌خوێ و بۆ ئه‌و جێگه پیاسه و هه‌ناسه و یاده‌وه‌رییانه‌ی که لێره له هه‌یوان و حه‌وشه و ژووره‌کانیدا جێیانده‌هیڵیت. * من ناوم دلاوه‌ر ه. * ساڵی 1963 له گه‌ڕه‌کی کانێسکان له سلێمانی له دایک بووم. * له قۆناخی خوێندنی سه‌ره‌تاییدا له قوتابخانه‌ی شێخ سه‌لام بووم له گه‌ڕه‌کی گۆیژه. وه‌ک هه‌ندێک قوتابی تری ئه‌و سه‌رده‌مه، له ڕیزی پێنج شه‌مموانی ئه‌و قوتابخانه‌یه‌دا ده‌هێنرامه ده‌ره‌وه و هۆنراوه‌ی شاعیرانی کوردم پێ ده‌خوێنرایه‌وه. مامۆستا باقر و مامۆستا یاقوب له مامۆستایانی ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ن که له یاده‌وه‌ریمدان. ئه‌وان حه‌زی شیعر و نواندن و چالاکیی هونه‌رییان له ئێمه‌دا بزوواند. مامۆستا باقر بۆنی قه‌زوانی ته‌ڕ و مامۆستا یاقوب بۆنی پیاوێکی لێده‌هات که هه‌ر ئێستا به به‌رچنه‌یه‌ک ترێوه له ڕه‌زێک هاتبێته ده‌ره‌وه. یه‌کێکیان موسوڵمان و ئه‌یتریشیان کریستیان. ئۆکۆردیۆنه‌که‌ی مامۆستا فه‌رید یه‌کێکه له‌و شتانه‌ی که له‌و قوتابخانه‌یه‌دا به قووڵی له بنی یاده‌وه‌ریی منداڵیی مندا چکیوه. جارێکیان ئه‌و مامۆستایه ئۆکۆردیۆنه‌که‌ی له‌سه‌ر کورسییه‌ک له پۆلدا دانا و بۆ تاوێک چووه ده‌ره‌وه، من هه‌ستام و پڕ به سییه بچکۆله‌کانم بۆنی ئه‌و ئامێره مۆسیقاییه سه‌یر و ئه‌فسوناوی و پڕ له ژیانه‌م هه‌ڵمژت. ئیدی بۆنی مۆسیقا تا قوڵایی ڕۆحم ڕۆنیشت. * ساڵی 1982 یه‌که‌مین بابه‌تی وه‌رگێڕدراوم له ڕۆژنامه‌ی هاوکاری به‌ناوی ( شانۆی شه‌قام ) بڵاوکرایه‌وه. * ساڵی 1986 به‌شی شانۆی ئه‌کادیمیای هونه‌ره جوانه‌کانم له به‌غدا ته‌واو کرد. به‌غدا هه‌ندێک له برینه قووڵه‌کانی جحێڵیی هه‌توان کردم. ده‌رگای شانۆ و پیشانگا و سینه‌ماکانی خۆی بۆ کردمه‌وه، کتێبێکی ڕووناکی له شیعر بۆ ڕایه‌ڵ کردم، مامۆستا و هاوڕێیانێکی ئازیزی پێ ناساندم. له‌و قۆناخه‌دا له‌پاڵ خوێندن و نووسینی بابه‌ت و ڕه‌خنه‌ی شانۆییدا که‌وتمه شیعرنووسین. یه‌که‌مین شیعرم به ناوی ( تاوه باران ) له‌و قۆناخه‌دا نووسی، به‌ڵام بڵاوم نه‌کرده‌وه و لای خۆم مایه‌وه. ئێواره‌یه‌کیان له باخچه‌که‌ی ئینستیتۆی به‌ریتانی له به‌غدا بۆ خاتوو ئه‌حلام مه‌نسوور و چه‌ند هاوڕێیه‌کی ترم خوێنده‌وه و ئێواره‌یه‌کی تریش بۆ شه‌هید دڵشاد مه‌ریوانی و خاتوو شیرین. ک و کاک محه‌ممه‌د ئه‌مین پێنجوێنی. هه‌ر له‌م قۆناخه‌دا کتێبێکی شانۆییم به ناوی ( ڕۆنانی درامایی ) له عاره‌بییه‌وه وه‌رگێڕا له نووسینی عبدولعه‌زیز حه‌موده. کتێبه‌که له ده‌زگای سانسۆر ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر له‌چاپدانی درا، به‌ڵام هیچ جێگایه‌ک چاپی نه‌کرد و منیش خۆم بۆم چاپ نه‌کرا و ئیدی هه‌روا به ده‌سنووس مایه‌وه. * ساڵی 1986 و دوای ده‌رچوونم له ئه‌کادیمیا، بارگه و بنه‌م پێچایه‌وه و په‌نام بۆ ئێران برد. له‌وێ به زمانی فارسی ئاشنابووم و له‌گه‌ڵیشیدا هه‌وڵی ده‌رچوونم به‌ره‌و ئه‌وروپا ده‌دا. له‌وێ رۆمانی دره‌خته‌کان و تیرۆری مه‌رزووق ی عبدولڕه‌حمان مونیف م له عاره‌بییه‌وه و هه‌ردوو شانۆنامه‌ی ( گه‌شتی هه‌شته‌می سه‌ندیباد ) و ( چوار سندوق ) ی به‌هرامی به‌یزایی م له فارسییه‌وه وه‌رگێڕان، شانۆنامه‌ی یه‌که‌م له گۆڤاری کو‌لتوور ی یه‌کێتی نووسه‌رانی کورد له شاخ چاپ‌کرا و دووه‌میشیان له ڕه‌وه‌که‌ی شه‌ڕی ناوخۆدا دیارنه‌ما. هه‌ر له‌وێ نۆڤێلی ( چڕه‌دووکه‌ڵ )م نووسی، که ئه‌ویش چاپ نه‌کرا و فه‌وتا * ساڵی 1991 یه‌که‌مین شیعری خۆم له دوای ڕاپه‌ڕین نووسی به‌ناوی سه‌فه‌ری مه‌رگ. ئه‌و شیعره درێژه پڕ له نائومێدییه‌م له دوو سێ کۆڕی ئه‌ده‌بیی پڕ له شیعری قه‌ره‌باڵخ و شۆڕشگێڕانه‌ی دوای ڕاپه‌ڕیندا خوێنده‌وه. * یه‌که‌مین شیعرم له‌دوای ڕاپه‌ڕین له ساڵی 1992 دا، به‌ناوی په‌یکه‌رێک له باران له گۆڤاری سبه‌ی بڵاوکرایه‌وه. * ساڵی 1993 یه‌که‌مین نامیلکه‌ی شیعریی خۆم چاپ کرد به ناوی په‌یکه‌رێک له باران. * ساڵی 1999 به هه‌وڵدانی هاوڕێم موحسین ئه‌حمه‌د عومه‌ر، مه‌ڵبه‌ندێکی شانۆیی له ئیتاڵیا بانگهێشتی من و کامه‌ران ڕه‌ئوف و چه‌ند هاوڕێیه‌کی تری بۆ به‌شداری کردن له فێستیڤاڵی شانۆیی گه‌لانی بی ئاڵادا کرد. خوێنه‌ری هێژا... زۆر خۆشحاڵم که ئه‌م ماڵه‌ش ده‌بێته ڕووبه‌رێکی تر بۆ به‌یه‌ک گه‌یشتنه‌وه و دیدارمان له‌گه‌ڵ یه‌کتر. لێت ناشارمه‌وه، من هه‌میشه و هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به جۆرێک له ترس و شه‌رمه‌وه بۆ بینینی شته‌کانی خۆم بانگهێشتم کردوویت، ئه‌مه‌ش وا بزانم به‌ر له هه‌ر شتێک له‌به‌ر به‌رپرسیارێتیی نووسین و ئه‌و ڕێز و ستایشه بووه که به‌رامبه‌ر تۆی خوێنه‌ر و هاوڕێی ئازیزم هه‌ستم پێکردووه. ئاخر ئێمه له کتێبه‌کاندا بووینه‌ته هاوڕێ و له خه‌ونی یه‌کدیدا دانیشتووین و به‌ڵێنمان به یه‌کدی داوه تا ئه‌و شوێنه‌ی ده‌کرێ و تا ئه‌و پێپلیکانه‌یه‌ی که توانا‌مان هه‌یه بیگه‌ینێ، درێخیی له جوانییه‌کان نه‌که‌ین و ده‌سبه‌رداری هه‌ڵگژان نه‌بین. ئه‌رکی من هه‌میشه له دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی شیعرێک یان چاپ بوونی کتێبێک ده‌ستی پێکردووه. ئه‌ویش بریتی بووه له ئه‌رکی به‌رپرسیاربوون، ئه‌رکی پێشکه‌شکردنی ماتریاڵێک، تا ئه‌و شوێنه‌ی ده‌کرێ و له قه‌ره‌ی دێم، به چۆنایه‌تییه‌کی شیاوه‌وه به تۆی ئازیز ... گه‌رچییش هه‌موو ئه‌وه‌ی که له توانامدا بووه بیکه‌م، هه‌وڵی گچکه بوون بۆ لاواندندنه‌وه و ڕووناک کردنه‌وه‌ی ڕۆحی خۆم، بۆ تێپه‌ڕاندنی خۆمی پێوه‌ندییه ساکار و ڕۆژانه‌ییه‌کان و خۆڕاپسکان له ناشیرینییه‌کان. نائومێدیی هه‌میشه پاڵنه‌رێک بووه و خستوومیه‌تیه سه‌ر که‌ڵکه‌ڵه‌ی نووسین یان ڕاستر بڵێم که من ئه‌وم خستۆته سه‌ر که‌ڵکه‌ڵه‌ی نووسینه‌وه‌ی خۆم. ئێمه پێکه‌وه سه‌فه‌رمان کردووه، به‌خته‌وه‌ریمان له یه‌کتردا دۆزیوه‌ته‌وه و ئومێدمان له نائومێدییدا هه‌ڵگۆزیوه. له‌و له‌حزانه‌شدا که ئه‌ڵقه‌ی گه‌مارۆکانمان به ده‌وردا ته‌نگتر بۆته‌وه، ئێمه سفتتر پاڵمان به‌یه‌که‌وه داوه و به‌رزتر گۆرانیی خۆمان چڕیوه. خوێنه‌ری به‌ڕێز ئه‌وه‌ی ئێستا له‌م ماڵه‌دا ده‌یبینیت گوڵه‌وه‌چنییه‌کی ئه‌و شیعر و وه‌رگێڕانانه‌یه که له ماوه‌ی نزیکه‌ی بیست ساڵی ته‌مه‌نی شیعرنووسین و وه‌رگێڕان و به تایبه‌تیش له 10 ساڵی ئه‌مدواییه‌ی ته‌مه‌نی ژیانمدا له تاراوگه به‌رهه‌م هاتوون. به‌شێکی زۆر له ئارشیفی نامه و ئه‌و چه‌ند چیرۆکه‌ی که نووسیومن جارێ لێره‌دا نین، ئه‌وانه یان فه‌وتاون یاخۆ حاڵی حازر ده‌ستم پێیان ڕاناگا و ده‌بێ له کاتێکی تردا سۆراغیان بکه‌م و بیاندۆزمه‌وه. من ده‌بێ هه‌ر لێره‌دا سوپاسی هاوڕێی ده‌ست و په‌نجه ڕه‌نگین و ئازیزم کاکه ئاسۆ دیلان بکه‌م که هانیدام و شێلگیرانه ئه‌رکی ڕۆنانی ئه‌م ماڵه‌ی له بناخه‌وه‌ڕا له ئه‌ستۆی خۆی گرت ... له ڕاستیدا گه‌ر دیلان نه‌بووایه، من سه‌لیقه‌ی کارێکی له‌م جۆره و بڕستی کۆکردنه‌وه‌ی په‌رش وبڵاوییه‌کانمم نه‌بوو، به تایبه‌تی که له ساڵانی جه‌نگ و ئاواره‌بوونه‌کاندا دوو جاران کتێبخانه‌م فرۆشراون و ئه‌رشیفی وێنه و نامه‌م تیاچوون و فه‌وتاون. بفه‌رموو خوێنه‌ری ئازیز .... با له‌وه‌نده زیاتر کاتت نه‌گرم. ئه‌مه به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌و هه‌وڵه گچکه‌یه‌یه که تا ئێستا توانیومه بیده‌م. ئه‌م هۆده و هه‌یوانه به ماڵی خۆت بزانه و به گه‌وره‌یی خۆت له هه‌ڵه و که‌م وکورتییه‌کانم بمبووره. له دڵه‌وه خۆشم ده‌وێیت! دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی ئه‌پریلی 2009
|